"شەکردانێکم هەیە 102 ساڵە چایی لەناویدا ماوەتەوە"

بەشێک لە ماڵەکەی کردووەتە ناوەندێکی کەلتووری و مۆزەخانە

میلاد جەلال – دەربەندیخان

لە یەکێک لە کۆڵەنەکانی قەزای دەربەندیخان ماڵێک دەبینرێت، سەرنجڕاکێش و دڵگیر، خاوەن ماڵ حەز و خولیایەکی تایبەتی بۆ شتە کۆن و کەلتوورییەکان هەیە و بەشێکی کردووەتە مۆزەخانە.

لایەق فایەقی خاوەن ماڵ قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خۆم نانەوام، بەڵام حەز و خولیای زۆرم ھەیە بۆ سروشت و ئیشی کەلەپووری، شەش ساڵە ماڵەکەی خۆم بەمشێوەیە رازاندووەتەوە”.

ئەو هاوڵاتییە دەستڕەنگین و کار جوانە، شەکردانێکی مسیی پێشانی پەیامنێری 964 دەدات و دەڵێت، “برایەکم لە بەریتانیاوە بۆی هێناوم، چایەکی تێدایە کە لە ساڵی 1924ـەوە تێیکراوە، حەوت ساڵە لای خۆم رامگرتووە و دامناوە، هیچی لێ نەهاتووە”.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە ماڵەکەی بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و دراوسێکانی و زۆر جاریش بووک و زاوا دەچن، بە خۆڕایی وێنە و ڤیدیۆی تێدا تۆمار دەکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری