پۆلیس رێنمایی بڵاوکردەوە

چەک، یاریی ئاگرین، تەقەمەنی بۆ ناو فێستیڤاڵی هەنار قەدەغەکرا

ئەحمەد مستەفا

پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی دوانزەهەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، رێنمایی و رێوشوێنە ئەمنییەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەی راگەیاند.

بەپێی رێنماییەکان لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە، بردنە ژوورەوەی هەر جۆرە چەکێک، یاریی ئاگرین، تەقەمەنی و هەر کەرەستەیەکی قەدەغەکراو بۆ ناو شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە قەدەغەیە.

پۆلیسی هەڵەبجە داوا لە هاوڵاتیان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە دەکات پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و لە هەڵگرتن و بردنە ژوورەوەی هەر جۆرە چەک و کەرەستەیەکی قەدەغەکراو خۆیان بپارێزن.

ئەم رێوشوێنانە بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی گشتی و دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی ئارام و ئاسودە و بێ رووداوی ئەمنی وەرگیراون.