رێگای جێگرەوە هەیە و پەکتان ناکەوێ

سبەی سایدێکی شەقامی سەرچنار لە سلێمانی دادەخرێت

شۆڕش قادری

سبەی سایدێکی شەقامی سەرچنار لە سلێمانی دادەخرێت و نۆژەن دەکرێتەوە، شۆفێران و هاوڵاتیان ئاگادار بن و رێگاکانی دەورووبەر وەک جێگرەوە بەکاربهێنن.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دەڵێت، لە چوارچێوەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی شەقامەکانی شار، سەرلەبەیانی سبەی پێنجشەممە 10.9.2026 کاتژمێر 8ـی بەیانی تا کاتژمێر 12ـی شەو، سایدی رۆیشتن لە ترافیکی نزیک بەنزینخانەی تاڤگە تا بەردەم سیتی سینەما لەسەر شەقامی سەرەکی سەرچنار بەربەست دەکرێت، بەمەبەستی ئامادەکردنی شەقامەکە و سەرلەنوێ قیرتاوکردنەوە.

شارەوانی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان و شۆفێران دەکات هاوکاری و هەماهەنگیی تیمەکانی شارەوانی بکەن، رێنماییەکانی هاتوچۆ پەیڕەو بکەن و شەقامەکانی دەوروبەر وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی و سەرکەوتوویی تەواو بکرێن.