"هیچ گۆڕێک لە شوێنی ئاگرەکە نەبووە"
ئاگرەکەی ناو گۆڕستانی کەرکوک کوژێنرایەوە و پۆلیسیش دەڵێت پاشماوە بووە سووتاوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
تیمەکانی بەرگری شارستانی و بەڵگەی تاوانی کەرکوک ئاگری ناو گۆڕستانی سەید عەلاویان کوژاندەوە و پۆلیسیش دەڵێت، پاشماوەی کەڵەکەبوو لە شوێنەکە سووتێنراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تیایدا دەردەکەوێ لەناو گۆڕێکی ناو گۆڕستانی سەید عەلاوی کەرکوک ئاگر دێتەدەر، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکە، هەرزوو تیمەکانی بەرگری شارستانی و بەڵگەی تاوان و بنکەی پۆلیسی قۆریە چوونە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
پەیامنێری 964 چەند شایەتحاڵێکی لەسەر ئەو بابەتە دواندووە، مامۆستایەکی ئایینی بەناوی هێمن بیرەسپانی دەڵێت، ئاگرەکە دەستکردبووە و قامیشەڵان و پوش و پەڵاش بووە لەناو گۆڕەکە سووتێنراوە.
پۆلیسی پارێزگای کەرکوکیش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوای پشکنینی ورد و لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کە ئاگرەکە لە ئەنجامی گڕگرتنی پاشماوەی کەڵەکەبوو لە گۆشەیەکی گۆڕستانەکە سەریهەڵداوە و دواتر دوکەڵ و بڵێسەی ئاگر لە ژێر ئەو پاشماوەیەوە دەرچووە.
پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە هیچ گۆڕێک لە شوێنی ئاگرەکە نەبووە، ئەو راپۆرتانەی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوبوونەتەوە، بە تەواوی درۆن و تەنها هەوڵێکن بۆ ئیستغلالکردنی رووداوێکی بەڕێکەوت بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک داوا لە هاوڵاتیان و میدیاکان دەکات، وردبین و وریا بن لە گێڕانەوەی هەواڵەکان و وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان و دووربکەونەوە لە چەواشەکردن و هەواڵی ناڕاست کە مەبەست لێی سەرلێشێواندنی رای گشتییە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری