لە زانکۆ و پەیمانگاکانەوە خەمی دەخۆن

خوێندنی باڵا و هۆڵەندییەکان گەنجەکان بۆ پەیداکردنی کار حازر دەکەن

ژووری هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵاو کونسوڵخانەی هۆڵەندا پرۆژەیەکی گرنگیان راگەیاند، بەڕێوەبەری ستافی زانکۆکانی کوردستان لەسەر پرۆگرامی کارسازی رادەهێندرێن و کارێک دەکەن هەر لە کاتی خوێندندا گەنجەکان کاریان بۆ بدۆزرێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریداوە (پەرەپێدانی کارو کارسازی) ئیتر بەشێک بێت لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە هەموو بەش و کۆلێژەکانی زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێم، ئەمەش بۆ ئەوەیە خوێندکارە دەرچووەکان زوو تێکەڵی بازاڕ بکرێن و هەلی کاریان دەست بکەوێت، هۆڵەندییەکان لەم پلانەدا رۆڵ دەگێڕێن و کۆمەکی وەزارەت دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 08.09.2026 لە هەولێر هەردوو لایەنی پرۆژەکە (وەزارەتی خوێندنی باڵاو کونسوڵخانەی هۆڵەندی) رێوڕەسمێکیان ئەنجامداو میدیاکانیشیان بانگ کردبوو، لەوێ رایانگەیاند، زانکۆی ساکسیۆنی هۆڵەندی خولێکی سێ رۆژە بۆ ستافی زانکۆکانی خۆمان دەکاتەوە و پاڵپشتییەکانی هۆڵەند بۆ ئەم پرۆژەیە بەردەوام دەبن.

ئەدریان ئایسڵستاین کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان قسەی بۆ 964 کرد و وتی ”ئەوەی ئێمە دەیکەین بۆ یارمەتیدانی گەنجانە تا پەرە بە بازرگانی خۆیان بدەن و دەرفەتی کار بدۆزنەوە، ئەمەش ئەو بوارەیە کە ئێمە وەک هۆڵەندییەکان زۆر تیایدا ئاکتیڤین”.

ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە بارەی پرۆژەکەوە وتی، ”دەمانەوێت لە زانکۆو پەیمانگاکانەوە کارامەیی بۆ خوێندکاران دروست بکەین، ئێمە ئێستا دەزانین بازاڕی ئەو سەردەمە چ جۆرە کەسێکی پێویستە، بەڵام ئەمەی ئێمە کردوومانە قۆناغی یەکەمە، ئەگەر بمانەوێت ئەم کارە سەرکەوتوو بێت ئەوا پێویستی بە پرۆژەیەکی نیشتیمانی سەرتاسەرییە”.