ئەمڕۆ 36 گەنجى تر دەگەڕێنەوە

دواین پەیوەندى گەنجێکى بێسۆراغى لیبیا:”باوکە برسین و دۆخمان زۆر خراپە”

فەرمان مەلاجەسەن – راپەڕین

هەرچەندە ئەمشەو 36 گەنجى رانیە و قەڵادزێ، دواى گیرخواردنیان لە لیبیا، دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان. بەڵام هێشتا چەندین خێزانى دیکەى سنوورەکە لە چاوەڕوانى تەلەفونێکن و کوڕەکانیان ماوەیەکى زۆر بێ سەروسۆراغ ماونەتەوە.

گەڕانەوەى ئەو ژمارە گەنجە بۆ خێزانەکانیان رۆژەکەى کردوون بە جەژن، بەڵام چاوەڕوانیى و دوو دڵى هێشتا سیماى چەندین خێزانى دیکەى سنوورەکەى داپۆشیوە، چونکە کوڕەکانیان بێ سۆراغن.

ئیسماعیل محەمەد، باوکى یەکێک لە گەنجە بێسەروشوێنەکانى لیبیا بە 964ـى وت،”کوڕەکەم لەگەڵ 10 گەنجى دیکەى سنوورەکە، لە 13ـى تەمووزى ئەمساڵ هەرێمى کوردستانیان جێهێشت و دواین جار کە پەیوەندی پێوە کردین یەک مانگ و یەک رۆژ لەمەوبەر بوو، ئیتر لەو رۆژەوە نە دەنگى ماوە نە رەنگ”.

لە دواین پەیوەندیدا کوڕەکەى پێى وتووە،”باوکە برسین و دۆخمان زۆر خراپە، قاچاخچییەکان درۆیان لەگەڵ کردوین و ئەوەى پێیان وتووین هیچى وانەبوو”.

بەوتەى باوکى ئەو گەنجە بێ سۆراغە، کوڕەکەى لێرە کرێکار بووە، بەڵام وەک دەڵێت: ئەمجارە بگەڕێتەوە و پێى شاد ببینەوە هەرگیز نایدەمەوە دەستى قەدەر و قاچاخچى بێویژدان”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح