"2000 هەزار سەرەمەنهۆڵ دزراون"

شارەوانی سلێمانی ئیحتیاتی خۆی کردووە بۆ بارانبارین و لافاو

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

وەرزی بارانبارین دەستیپێکردووە و شارەوانی سلێمانییش ئیحتیاتی خۆی کردووە و دەڵێت، خەمتان نەبێ ئاوەڕۆکانمان خاوێن کردووەتەوە و لافاو دروست نابێت.

سەبارەت بە دزینی سەرەمەنهۆڵەکان و گلەیی هاوڵاتیان، ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، “نزیکەی دوو هەزار سەرەمەنهۆڵمان دزراوە، پێرار دەرخستەیەکمان کرد بایی 200 ملیۆن دینار بوو، رەزامەندی نەدرا کە بەو قەبارەیە سەرەمەنهۆڵ بکڕین، ئەمساڵ دیسان لە هەوڵداین کۆمەڵێک سەرەمەنهۆڵ بکڕین و دایانبنێینەوە”.

ئاشکراشیکرد، سێ پڕۆژەیان وەک دروستکردنی پرد لەبەردەستدایە کە یەکێکیان ئەوەی شەقامی تووی مەلیکە و کارکردن تیایدا دەستیپێکردووە، پردەکەی سەهۆڵەکەش ماوەیەکی دیکە ئیشکردن تیایدا دەست پێدەکات و ئەوەی دیکەش لە گەڕەکی سێ توان (کازیوە)ـیە کە یەکتربڕێک لەوێ دروست دەکرێت.

سەبارەت بە خانووەکەی گەڕەکی خەلیفاواش کە بووەتە بەربەست لەبەردەم ئاوەڕۆ سندوقییەکە، ئاکۆ عەلی وتی، “ئەگەر ئەمڕۆ نەڕوخابێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سبەینێ دەڕوخێنرێت”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری