"چوار ساڵ و یەک سەعات نایکەم"
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دا
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دا و دەڵێت: نامەوێت لە چوار ساڵ زیاتر لەم پۆستەدا بم.
ئەو بەڕێوەبەرە قسەی بۆ 964 کرد و وتی: هەر کەسێک پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک وەرگرێ، دەتوانێت لە ماوەی چوار ساڵدا ئەوەی بیەوێت لە چاکسازی و گۆڕانکاری بیکات، دوای ئەوە هەموو کارەکان دەبنە رۆتینی رۆژانە و نیگەرانییان لێدەکەوێتەوە.
بەناز رەمەزان دەشڵێت: ئەو رۆژەی پۆستەکەم وەرگرت، بە بەڕێوەبەری پێشووم وت کە دوای چوار ساڵ لە پۆستەکەم دەستلەکاردەکێشمەوە و ئەمڕۆش قسەکەم بردەسەر.
بەڕێوەبەری ئێستای پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی هەتا ئەوکاتەی کەسێک دیاری دەکرێت بۆ پۆستەکەی و بە فەرمی لە شوێنەکەی ئەو دەستبەکار دەبێت، بۆ راییکردنی کارەکان و مامەڵەی هاوڵاتییان لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی