لە مانگی رابردوودا؛ نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس سەردانی نەخۆشخانەی بەحرکەیان کردووە

نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس لە پلەی یەکەمی خەوێندراواندان و 10 هەزار پشکنینی تاقیگە کراوە

ژێوار خدر

نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشییەکانی هەناو، ئاماری مانگی ئابی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە سێ هەزار و 426 چارەخواز لە هەردوو کاتی بەیانیان و ئێواران بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.

بەپێی ئامارەکان، زۆرترین سەردانیکەر لە کاتی بەیانیاندا بووە کە دوو هەزار و 327 کەس بوون، لەو مانگەدا 402 نەخۆش خەوێندراون، کە زۆرینەیان بەدەست نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرسەوە ناڵاندوویانە و 182 حاڵەت بوون، بەدوای ئەوانیشدا فشاری خوێن (54 حاڵەت)، هەوکردنی گەدە (49 حاڵەت) و نەخۆشییەکانی گورچیلە (44 حاڵەت) دێن. هەروەها لەو مانگەدا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

لە بەشی پشکنینەکاندا، مانگی رابردوو دەفتەری تاقیگەی نەخۆشخانەکە قەرەباڵغ بووە و 10 هەزار و 774 پشکنین بۆ هەزار و 933 چارەخواز ئەنجامدراون. جیا لەوەش، 302 پشکنینی تیشک، 409 سۆنار و 345 پشکنینی کارەبایی دڵ (ECG) کراون. هاوکات لە نۆرینگەی دەرەکی ئێوارانیشدا، 518 کەس خزمەتگوزارییەکانی پشکنین و تاقیگەیان وەرگرتووە.