"رۆیشتووە مریشک بکڕێت"
مێرگەسۆر؛ ژنێک بەر ئەمبوڵانس کەوت و گیانی لەدەستدا
ئاکام غەفور – سۆران
درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی “ئەشکوتوا”ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر، ئەمبوڵانسێك لە ژنێکی تەمەن 60 ساڵی دا و گیانی لەدەستدا.
بەپێی وتەی کەسوکاری ژنەکە بۆ 964، ئەو ژنە لە کاتی رووداوەکەدا ویستوویەتی لە شەقامەکە بپەڕێتەوە بۆ ئەوەی مریشک بکڕێت، بەڵام بەر ئەمبوڵانسەکە کەوتووە، رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیا لێکەوتەوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەرکی ئەو ئەمبوڵانسە لەو ساتەدا دەخەنەڕوو.
هەرمێ نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بە 964ـی راگەیاند، ئەمبوڵانسەکە لە ئەرکێکی بەپەلەدا بووە و منداڵێکی پێ بووە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە سەربان تووشی خوێنەبەربوونی مێشک بووە و ژیانی لە مەترسیدا بووە، بۆیە پێویست بووە بە زووترین کات بگەیەنرێتە هەولێر. وتیشی: “ئەمبوڵانسەکە خێراییەکەی لە 80 تێنەپەڕیوە کە خێراییەکی رێپێدراوە، لە ڤیدیۆکانیشدا دەردەکەوێت کە ژنەکە بێ ئەوەی سەیری رێگاکە بکات کتوپڕ دەپەڕێتەوە.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر