سێ کەسی دیکەش بریندار بوون

لە کەلار دوو ماتۆرسکیل بەیەکیاندادا و مێردمنداڵێک گیانی لەدەستدا

ژێوار خدر

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر شەقامی 60 مەتریی شاری کەلار، دوو ماتۆڕسکیل بەیەکیاندا کێشا و بەهۆیەوە شۆفێری یەکێک لە ماتۆسکیلەن کە تەمەنی 17 ساڵ بوو گیانی لەدەستدا، سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، رووداوەکە لە بەرامبەر گوندی “کەناری سیروان” روویداوە، شۆفێری یەکێک لە ماتۆڕسکیلەکان کە لەدایکبووی ساڵی 2007 بووە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، گیانی سپاردووە.

دەشڵێت، هەر لەو رووداوەدا، لێخوڕ و دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکەی دیکە کە لەدایکبووی ساڵانی 2010 و 2012ـەن، بە سەختی برینداربوون و ئێستا لە هەمان نەخۆشخانە لەژێر چارەسەری پزیشکیدان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کاتێک تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە هەردوو ماتۆڕەکە لادرابوون و لەوێ نەماون، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە بەردەوامە.