چوار گوند و دەواجینێک مەترسیان کەوتوەتەسەر
ئاگر فراوانەکەی سنوری شارباژێڕ بەهۆی مەترسی مین و تەقەمەنییەوە تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ئاگرێكی گەورە لە ژمارەیەك گوندی شارباژێڕ كەوتووەتەوە بەڵام بەهۆی بوونی مینێكی زۆر تیمەكان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی بکەن.
ئاگرەكە، لە هەریەك لە گوندەكانی سنگر، بایزاوا، مۆكەبە و كۆلەردی کەوتوەتەوە، سەرەتا لەبەشی سەرەوەی شاخەكەوە هاتووەتە خوارەوە و ئێستا دابەزیووە بۆ دامێنی گوندەكان و بەرەو شاخی قەیوانیش تەشەنەی سەندووە.
موقەدەم هۆگر محەمەد، بەڕێوەبەری دارستانی ماوەت بە 964ی وت، ئاگرێكی گەورە لەگوندەكانی بایزاوا، مۆكەبە، سنگر و كۆلەردی شارباژێڕ كەوتووەتەوە و بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆر لە مین و تەقەمەنی كۆنتڕۆڵكردنی زەحمەتە.
وتیشی “هەریەك لە تیمەكانی بەرگری شارستانی ماوەت و سیتەك، پۆلیسی دارستانی گاپیڵۆن و ماوەت، خەڵكی گوندەكانیش سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن”.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بوونی بایەكی بەهێز ئاگرەكە زۆر گەورە بووە، رێژەیەكی زۆر لە دارستانی سروشتی و رەز و باخی خەڵكی ناوچەكە سوتاون، تەنانەت ئاگرەكە نزیك بووەتەوە لە دەواجینێكی گەورەی گوندی بایزاوا و خەڵكی گوندەكە بەهانایەوە چوون و دەیانەوێت پێش ئەوەی ئاگرەكە تەشەنە بسەنێت بەرەو دەواجینەكە كۆنتڕۆڵی بكەن.
پێداجوونەوە؛ فەرهاد حەسەن