هاندەرانی نەورۆز بە "بەداخەوە"وە یاریگایان جێهێشت

نەورۆز و دهۆک بێ گۆڵ بوون

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

پاش یارییەکی پڕ لە کێبڕکێ و گەرموگوڕ، یاریی نێوان یانەکانی نەورۆز و دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، بڕیارەکانی ڤار (VAR) و رەتکردنەوەی دوو گۆڵی یانەی نەورۆز، هاندەرانی ئەو یانەیەی تووشی بێهیوایی کرد و بە نیگەرانییەوە لە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی گەڕانەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی، هەردوو یانەی نەورۆز و دهۆک رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکە ئاستێکی بەرزی بەخۆوە بینی و یانەی نەورۆز توانی دوو جار تۆڕی گۆڵی دهۆک بهەژێنێت، بەڵام پاش گەڕانەوە بۆ ڤار، ناوبژیوان هەردوو گۆڵەکەی رەتکردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یارییەکە بە ئەنجامی 0-0 کۆتایی بێت و نەورۆز تەنیا یەک خاڵ لە ناو یاریگای خۆیدا بەدەستبهێنێت.

هاندەرانی یانەی نەورۆز، کە بە خێزانی و بە پۆشینی درێسی یانەکەوە ئامادەبوون، پاش یارییەکە نیگەرانیی خۆیان نیشان دا، کچە هاندەرێک کە بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە قسەی بۆ 964 کرد، وتی “بەداخەوە، بەداخەوە.. هەردوو گۆڵەکە رەتکرایەوە، زۆر خراپ بوون”.

منداڵانی هاندەریش کە بە پەرۆشەوە هاتبوون، باسیان لەوە دەکرد کە چاوەڕێی بردنەوە بوون بەڵام “ڤار” بێهیوای کردن. سەرەڕای ئەنجامەکە، هاندەران ئاستی یاریزانەکانیان بەرز نرخاند، بەڵام بە دڵێکی شکاوەوە یاریگایان جێهێشت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر