بۆ مەولودگێڕان کۆبوونەوە

کۆڕی زیکرو خوداپەرستی موریدانی تەریقەتی ولیانی

964+

ژووری هەواڵ

بە هەزاران دەروێش و موریدی تەریقەتی ولیانی پێکەوە کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەر، کۆڕی زیکرو سەڵاواتیان بەستبوو، ئەمەنە شوێنکەوتووی یەکێک لە گەورەترین لقەکانی تەریقەتی قادرییە.

تەریقەتی ولیانی درێژکراوەی رێبازی قادرییە (شێخ عەبدولقادر گەیلانی) لەسەر دەستی شێخ ئیسماعیل ولیانی دامەزراوەو ئێستا شێخ وریا شێخ سەعید بەرزنجی رابەرو باوکی رۆحی تەریقەتەکەیە.

مەولودو زیکرەکە لە تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی لە ئاکرێ بەڕێوەچوو، ئەم مەڵبەندە یەکێکە لە دیارترین تەکیەکانی ولیانی کە دەکەوێتە ناو چیاکانی ئاکرێ.

سەید ئیسماعیل سالار بەرپرسی راگەیاندنی تەکیە قسەی بۆ 964 کردو وتی ”دەروێش و موریدەکان لە تورکیاو ئێران و ئەردەن و وڵاتانی دیکەی دونیا و عێراق و کوردستانەوە لەسەر فەرمانی شێخ کۆبوونەتەوەو بۆ یادکردنەوەی مەولودی پێغەمبەر”.

شوێنکەوتوانی ولیانی جگە لەم تەکیەیە، لە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان تەکیەو خانەقایان هەیە و رۆژانی هەفتە کۆدەبنەوەو زیکرو خواپەرستی دەکەن.

تایبەتمەندی ئەم تەکیەیە لەوەدایە جگە لە موسوڵمانەن، شوێنکەوتوانی ئاینەکانی دیکەش سەردانی دەکەن، موریدەکان بەوە دڵیان خۆشە کە رێبازەکەیان بووەتە رێبازی پێکەوە ژیان.

هەر لە ناو تەکیەکە شوێنێکی دروستکردنی خواردن هەیە کە 65 ساڵ زیاترە خواردن بۆ سەردانکەرانی تەکیەکە دابین دەکات و خەڵکێکی زۆر دەچن ”بۆ تەبەروک” خواردنی لێ دەخۆن.