بە دوو خولەک و 20 چرکە
گەنجێکی کورد ژمارەی پێوانەیی جیهانی لە گۆڕینی شاشەی ئایفۆن شکاند
کاروان ساڵحی _ کەرکوک
گۆڕینی شاشەی مۆبایل لەوانەیە بۆ زۆرێک لە وەستایانى مۆبایل کاتێکى زۆرى بوێت، بەڵام گەنجێکی کورد لە شاری کەرکوک، تەنیا بە دوو خولەک و 20 چرکە ئەم کارەی کرد و لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی تووشی سەرسوڕمان کرد.
ئەحمەد ئازاد، ئەو گەنجەی کەرکوکە کە لە سەنتەری “موستەقبەل” بۆ چاککردنەوەی مۆبایل لە شەقامی کۆماریی شارەکە کاردەکات. ئەمڕۆ لە پێشبڕکێی جیهانیی (CGC) کە تایبەتە بە خێرایی و کارامەیی لە چاککردنەوەی شاشەی مۆبایلی ئایفۆن، توانى پلەى یەکەم بەدەست بهێنێت.
لەدواى سەرکەوتنەکەى ئەحمەد ئازاد بۆ 964 چیرۆکی سەرکەوتنەکەی گێڕایەوە و وتی: “لیژنەی هەڵسەنگاندنی پێشبڕکێکە لە شارەزایانی وڵاتانی چین، تایوان، ئیسپانیا و هیندستان پێکهاتبوون، کاتێک کارەکەم تەواو کرد پێیان وتم کە ریکۆردێکی جیهانیم شکاندووە”.
بەپێی قسەی لیژنەکە بۆ ئەحمەد، ساڵی رابردوو خێراترین کەس توانیبووی لە ماوەی دوو خولەک و 30 چرکەدا شاشەیەک بگۆڕێت، بەڵام ئەحمەد توانی 10 چرکە کاتەکە کەم بکاتەوە و تەنیا لە دوو خولەک و 20 چرکەدا شاشەکەی گۆڕی و ئامێرەکەی خستەوە کار.
بەم خێراییە خەیاڵییە، ئەحمەد ئازاد توانی ببێتە یەکەمی سەر ئاستی عێراق و ناوی چووە ناو لیستی 10 باشترین و خێراترینەکانی جیهان لە بوارەکەی خۆیدا و بڕیارە لە داهاتوودا لەسەر ئاستى جیهان لە وڵاتى چین، بەشدارى بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح