ماڵی نەنە نمایشی دەستپێکرد
منداڵان باپیرەیان شێت کردووە و وەزعی شڕە بە دەستیانەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
منداڵان باپیرەیان شێت کردووە و وەزعی شڕە بە دەستیانەوە، ئەگەر بچی بینەری فیلمی سینەمایی ماڵی نەنە بیت، ئەوە بەچاوی خۆت دەبینی.
فیلمی سینەمایی ماڵی نەنە، ئەم ئێوارەیە نمایشی دەستپێکرد، لەوێ و لە سیتی سینەما لە سلێمانی، هونەرمەندان و پەروەردەکاران و بەرپرسانی ئیداریی سلێمانی و خەڵکی خانەخوێ میوان بوون
سیروان جەمال پاڵەوانی سەرەکی ماڵی نەنەیە و بۆ 964 دەڵێت، یەکەم ئەزموونە بۆ منداڵ و وەرن سەیرم کەن بزانن وەزعم چۆنە؟ ویستوومانە کە منداڵ گەورە دەبێت لە ماڵدا، دەبێت لێک تێگەیشتن لەگەڵ گەورەمان دروست بکرێ.
چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە دایک و باوکێک دەکات، کە سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن و سێ منداڵەکەیان لەلای داپیرە و باپیرەیان بەجێدەهێڵن.
باپیرەی منداڵەکان کە وێنەکێشە، بۆ تەواوکردنی کارە هونەرییەکانی پێویستی بە کەشێکی زۆر هێمن هەیە، بەڵام هەبوونی سێ منداڵ لە ماڵەکەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و رووداوی کۆمێدی.
وێنەگرتنی فیلمی ماڵی نەنە ماوەی دوو مانگ و نیوی خایاندووە. ئەم فیلمە کە حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە و لە دەرهێنانی محەمەد مستەفایە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا