دیمهنی جوتیارێكى سنوورى حاجیاوا لهكاتى پاڕانهوهى بۆ باران بارین - وێنه: ئاکام عەزیز
ساڵێکی پڕ باران لە پێشە
پێشبینی؛ باران زووتر لەوادەی خۆی دێت و باشترە جوتیاران زەوی ئامادە بکەن
ئەحمەد مستەفا
بەپێی نوێترین پێشبینییە درێژمەوداکانی کەشوهەوا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمساڵ وەرزی پاییز لە رووی بارانبارینەوە جیاواز دەبێت لە ساڵانی پێشوو.
ئەمەش بەهۆی بەردەوامی دیاردەی ئێل نینۆ لەسەر زەریای هێمن و گەرمبوونی ئاوی زەریاکەوەیە، لێکدانەوەکە وایە، زووتر لە وادەی خۆی باران بارین دەستپێبکات و بڕێکی باش ببارێ، باشتر وایە جوتیاران زەوییەکانیان لە ئێستاوە ئامادە بکەن.
کۆتایی چلەی هاوین و نیشانەکانی پایز:
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی بە 964ی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 25.8.2026، ئاخر رۆژی چلەی هاوینە و نیشانەی پایز وردە وردە دەردەکەوێت، وەک ووشکبوونی گوڵەکان و بەپەپوڵەی پایز کە ناوبانگی هەیە، تۆی گوڵەکان دەگوازێتەوە بۆ جێگەیەکی تر، ئەم دیاردەیە لە زۆربەی گوندەکاندا لە مانگەکانی نۆ و 10 دا بەدی دەکرێت، لەگەڵ جوڵەی بای پایزدا کە نیشانەی هاتنی وەرزی پاییزە.
ئەمڕۆ رۆژی 25ی ئاب بەپێی نەریتی کوردی و وتەی پێشینان کۆتا رۆژی چلەی هاوینە و دوای ئەم رۆژە چلەی هاوین کۆتایی دێت، هەروەها بەپێی یاسای فەلەکی رۆژی 26ی ئاب کۆتایی چلەی هاوینە.
کەمبوونەوەی پلەکانی گەرما:
شەپۆلی گەرمای ئەم دواییە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما وردە وردە روو لە دابەزین دەکەن، ئەو شارەزای کەشناسییە دەڵێ، کەشوهەوا بەرەبەرە بۆ ئاستێکی مامناوەند دەگەڕێتەوە، دوای ئەوە پلەکانی گەرما لە چاو رۆژانی پێشوو روو لە دابەزین دەکەن بۆ ناوەڕاستی مانگی ئەیلول و ئامادەکاری بۆ وەرزی پاییز دەکەن.
پێشبینی دەستپێکی بارانبارین:
پێشبینی دەکرێت بارانبارین لە کاتی ئاسایی خۆی زووتر دەست پێبکات لە زۆربەی ناوچەکاندا و بڕی بارانبارین لە سەرووی تێکڕای گشتی ساڵانەوە بێت، بەگوێرەی مۆدێلەکانی کەشوهەوا، لە مانگی 9ی ئەیلولەوە گۆڕانکاری بەرچاو لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات و بارانبارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکات کە بە بارانی کەپرەشینە ناوزەنگ دەکرێت.
پێشبینی شەپۆلەکانی بارانبارین:
سالار حاجی عەلی دەڵێ، لە روانگەی کەشوهەوا پێشبینی دەکرێت لە مانگی 9 و 10دا شەپۆلی سەرتاسەری بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمدا دروست ببێت، بەڵام پێدەچێت بارانی پەڵە بکەوێتە سەر ناوچەکان لە دوای 20ی مانگی 10 تا نێوەڕاستی مانگی 11، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشێک لە ناوچەکاندا زوتریش لەو وادەیە بارانی پەڵە رووبدات.
پێشنیار بۆ جوتیاران:
ئەو شارەزای کەشناسییە پەیامی بۆ جوتیاران هەیە و وتی، لێرەوە داوا لە جوتیاران دەکەم، زەوییەکان ئامادەبکەن بۆ چاندنی گەنم و جۆ، چونکە ئەمساڵ بە پاییزێکی پڕباران و جیاواز دادەنرێت و چاوەڕوانی بارانێکی باش دەکرێت.
ئەم پێشبینییە باس لەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی شێ و نزمەپاڵەپەستۆکان لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی دەستپێکردنێکی زووی وەرزی بارانبارین کە لە مانگەکانی داهاتووی ساڵی 2026 دەست پێدەکات.