"داخستنی کەناڵەکان نایاساییە"
رەحمان غەریب: لە کاتى هەڵبژاردن کێشەکانى میدیا دوو هێندە زیاد دەبێت
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لە پەراوێزى کۆنفرانسى کۆتایى تۆڕ و رێكخراوەكانی هاوپەیمانی چاودێرانی هەڵبژاردن، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ تۆڕی 964ـى راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان کاتێک باس لە هەڵبژاردن دەکرێت، یەکسەر پێشێلکاری، وتاری رقوکینە و توندوتیژی دێنە پێشەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەنگەرگرتنی کەناڵەکانەوە، کێشەکانی میدیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دوو هێندە زیاد دەبن. رەخنەی توندیشی لە داخستنی کەناڵەکانی (زووم) لە سلێمانی و نوسینگەى (ئێن ئاڕ تی) لە هەولێر گرت و وتی،”هەر پاساوێکی یاسایی بۆ داخستنیان رەتدەکەینەوە، چونکە لە یاسای رۆژنامەگەریدا داخستن بوونی نییە و تەنیا پێبژاردن هەیە”.
رێکخەری سەنتەری میترۆ جەختی لەوەش کردەوە، بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی دەبێت پایەکانی وەک ئازادیی راگەیاندن، هەڵبژاردن و پێگەی ژن بەهێز بکرێن.
“ناڵێین ئازادی بەتەواوی نەماوە، بوونی ئەم هەموو کەناڵە نیشانەی ئازادییە، بەڵام کێشەمان هەیە و دەبێت چارەسەری کێشەکان تەنیا لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسیدا بێت، نەک بەکارهێنانی یاسای دیکە”. رەحمان غەریب واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح