باڵەخانە گەورەکەی لای لالەزار

خاوەنی بیناکە: خەریکی چاککردنەوەین و درێغییان نەکردووە لە قەرەبوو کردنەوەم

دیلان محەمەد -سلێمانی

لە نزیک هۆتێل لالەزار لە سلێمانی باڵەخانەیەکی گەورەی تەواو نەکراو هەبوو، شەوی رووداوەکەی لالەزار بەهۆی ئەوەی بەرگری تیا کرا، کەوتە بەر گولەتۆپ و فیشەکی هێزە ئەمنییەکان و زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئێستا خاوەنەکەی دەستیکردووە بە نۆژەنکردنەوەی، وابڕوات هەتا کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی باشی تەواو دەبێت.

عومەر حەمەفەرەج خاوەنی باڵەخانەکەیە، دەڵێ لە مانگی چواری ئەمساڵەوە دەستیان کردووە بە نۆژەنکردنەوەی ”ئەو بڕە پارەیەی داندراوە تائێستا زۆر زۆر بە باشی ئیلتیزامی پێوە کراوە، مانگانە ئەمدەنێ، ماڵیان ئاوا بێت ئێمە سوپاسگوزارین بە بەردەوامی پارەم ئەدەنێ”.

خاوەنەکەی بڕی ئەو قەرەبووە باس ناکات و دەڵێت ”پێم خۆش نییە باسی رەقەم بکەین، بەڵام جەنابی کاک بافڵ و ئەوان درێغییان نەکردووەو من رازیم”.

بیناکە جگە لە ناوەوە زیانی زۆر بە رووکاری دەرەوەی کەوتووە، هەر بۆیە خاوەنەکەی هێشتا نازانێت کەی تەواو دەبێ و دەڵێ ”لەناوەوەو دەرەوە خەریکین، خەڵکی سلێمانی زۆر لەمە جوانتریان قابیلە”.