​لە کاتی پاککردنەوەی حەوزی پڕۆژەی ئاودا

کارمەندێکی فەرمانگەی ئاوی خورماتوو خنکا

سیروان خورشید – خورماتوو

​کارمەندێکی فەرمانگەی ئاوی قەزای خورماتوو لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی پاککردنەوە و کردنەوەی سەری حەوزی پڕۆژەی ئاوی قەزاکەدا پێی خلیسکا و کەوتە ناو حەوزەکەوە و گیانی لەدەست دا.

کارمەندەکە ناوی “شاکر مەحمود”ـە تەمەنی 48 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی سلێمانبەگە لە سنووری خورماتوو.

ئیسماعیل مستەفا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خورماتوو بە964ـی وت، “یەکێک لەکارمەندەکانمان لەکاتی ئەنجامدانی ئەركی فەرمی خۆیدا بووە و لەکاتی پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی حەوزی پڕۆژەی ئاوەکە و سەرقاڵی کردنەوەی سەری حەوزەکە بووە، لە کاتی دابەزین لە رێگەی پلەکانەکانەوە پێی خلیسکاوە و کەوتووەتە ناو حەوزەکەوە”.

وتیشی، هەرچەندە تیمەکانیان دەستبەجێ دەستیان بە بەتاڵکردنەوەی حەوزەکان کرد، بەڵام پاش دەرهێنانی لەحەوزەکە و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

ئەسعەد خەلیل ​پزیشکی ئێشکگر لەنەخۆشخانەی سلێمانبەگ بە 964ـی وت، دوای گەیاندنی تەرمی کارمەندەکە بۆ بەشی فریاکەوتن و پزیشکی و پشکنینی سەرەتایی بۆ تەرمەکە ئەنجامدرا و بەگوێرەی پشکنینەکان، هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی خنکان بووە بەهۆی کەوتنی ناو ئاوەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی