ئێوارەی ئەمڕۆ لە پۆندی کەسنەزان خنکا
تەرمی مێردمنداڵەکە بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا و ئەمشەو بەخاکدەسپێردرێت
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
تەرمی ئەو مێردمنداڵەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پۆندی کەسنەزان خنکا، بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا و هەر ئەمشەو بەخاکدەسپێردرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21.8.2026 مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی یوسف هادی لەکاتی مەلەکردن لەناو ئاوی پۆندی کەسنەزان خنکا، کەمێک پێش ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی هەولێرەوە رەوانەی گۆڕستان کرا و بڕیارە هەر ئەمشەو بەخاکی بسپێرێن.
جگە لەو مێردمنداڵە، هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو گەنجی بەنەتەوە عەرەب کە ئامۆزای یەکترن، لە ئاوی زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 20 هاوڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، کە پێنجیان لەناو ئاوی پۆند و بەنداوەکان خنکاون و 15 کەسی دیکەش لە چەم و رووبارەکان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری