ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى بۆ بەغدا و هەرێم: پابەندی دەستوور بن
964+
وریا فەتاح
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا داوا لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکات پابەندبن بەوەی لە دەستووردا هاتووە.
راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا بڵاویکردەوە: “عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆیە و سیستەمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، پەرلەمانی و دیموکراتییە”.
لە روونکردنەوەکەدا جەختکراوەتەوە کە زامنی ئەمە حوکمەکانی دەستووری ساڵی 2005ـە، کە دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بە لێکدانەوەی دەقەکانی، هەر بۆیە ئەنجوومەنەکە داوا لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکات پابەندبن بە دەقە دەستوورییەکانەوە.
روونکردنەوەى ئەنجومەنەکە دواى ئەوەهات، دوێنێ عەلى زەیدى سەرۆک وەزیران چەند رێکارێکى لەبارەى کەرتى نەوت و دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان، گرتەبەر. بەڵام هەرزوو لەلایەن حکومەتى هەرێم و سەرکردایەتى سیاسیى کوردەوە رەتکرایەوە و بە پێشێلکردنى دەستوور ناویانبرد.