لە پۆندی کەسنەزان کەسێک خنکا و ئەوە سێیەم کەسە ئەمڕۆ لە هەولێر خنکاوە
ئەمڕۆ ئەوە سێیەم کەسە لە هەولێر دەخنکێ
شاخەوان سەعید بۆ 964: لە پۆندی کەسنەزان کەسێک خنکا
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هێشتا تەرمی ئەو دوو کەسەی لە قەزای خەبات خنکاون نەدۆزراوەتەوە، کەسێکی دیکە لە پۆندی کەسنەزان خنکا.
شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا كەسێك لە پۆندی كەسنەزان خنكاوە، تیمەکانمان چوونەتە شوێنەکە و دەستیانکردووە بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە تازەیە و هێشتا ناسنامە و چۆنیەتی خنکانی ئەو کەسە نەزانراوە.
هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی دوو گەنجی بەنەتەوە عەرەب کە ئامۆزای یەکترن، لە ئاوی زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
لە سنووری قەزای ئامێدی و لەناو ئاوی رووباری ئاڤاشینیش، ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 39 ساڵی دانیشتووی بەغدا خنکا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری