چی روویدا

ترەمپ هەر هەڕەشە دەکات و نێوانی ئیسرائیل و تورکیاش تەقەیە

توانا نەقی

بەهەر هۆکارێک دوێنێ شەو ئاگاداری خەبەر و باس نەبووی، ئەوە بە کورتی و پوختی چەند هەواڵێکی گرنگی جیهان و ناوچەکە و لای خۆشمان بزانە کە چی روویداوە:

📌 ئەکسیۆس لە زاری بەپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاند: هێزەکانمان رێڕەوێکیان بۆ چوونەژوورەوە و دەربازبوون لە گەرووی هورمز دروستکردووە، کە رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان

📌 ئەکسیۆس: بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، دوو مانگە کۆنتڕۆڵی رێڕەوی باشووری گەرووی هورمزمان کردووە.

📌 هێزەکانی ئەمریکا هەشت درۆنی ئێرانی و دوو مووشەکی کروزیان خستووەتە خوارەوە.

📌 ترەمپ بۆ ئێران: گەورەترین کردەوەی ئابووریتان بەرامبەر رادەگەیەنم کە تا ئێستا بەرامبەر هەر وڵاتێک گیرابێتە بەر.

📌 ترەمپ هۆشداری توندیش دەداتە ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی دارایی و بازرگانی ئێران دەکەن.

📌 گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا خەریکە دەگاتە لوتکە لەسەر سنوورەکانی سوریا و هەڕەشە لە یەکتر دەکەن.

📌 سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: رێگە نادەین هێزەکانی دوژمن لەسەر سنوورەکانمان بنکە دابمەزرێنن.

📌 دەشڵێت: ئەم هەڕەشانە رووبەڕووی تورکیا کراوەتەوە و رێگە نادەن بچنە سنوور.

📌 وەزیری دەرەوەی سوریا: سوریا تا ئێستا ئارەزووی رێککەوتنی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل.

لە ناوخۆش ئەم هەواڵانە هەیە:

📌 سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەلمۆنیتۆر: ئێمە هەڕەشەمان لە ئاسایشی هیچ یەکێک لە دراوسێکانمان نەکردووە و پێویستە ئەو پرسیارەیان ئاڕاستە بکرێت کە بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر.

📌 دەشڵێت: ئەوان دەیانەوێت بمانترسێنن یان بمانهێننە ناو ململانێیەکەوە کە خۆمانی لێ بە دوور دەگرین.

📌 هاتوچۆی هەولێر شۆفێرانی بارهەڵگر ئاگاداردەکاتەوە، پێنجشەممە تا شەممە هاتوچۆ لەناو شەقڵاوە قەدەغەیە و رێگەی شێخ توراب وەک جێگرەوە بەکاربهێنن.