هەولێر

شۆفێرێک: تێناگەم بۆچى سەرەى بەنزین هەر قەرەباڵغە

رازا محەمەد- هەولێر

سەرەڕاى ئەوەى حکومەتى هەرێم لە شارى هەولێر ژمارەیەکى زۆر بەنزینخانەى دیاریکردووە کە دەبێت بەنزینى پاڵپشتیکراو دابەش بکەن، بەڵام نۆرەى دووروودرێژى شۆفێران بۆ وەرگرتنى بەنزین بەردەوامە.

لە نۆرەى بەنزینى ئەم بەیانییەدا، چەند شۆفێرێک بۆ 964 قسەیان کردووە، وەک دەڵێن: ئەو بەنزینخانانەى بەنزینى پاڵپشتیکراوى 750 دینارى دابەش دەکەن زۆر کەمن، بۆیە سەرەگرتن دروست دەبێتز

هەر ئەوەشنا، بەنزینخانەکان 24 کاتژمێر بەنزین دابەش ناکەن، بۆیە شۆفێران لە درەنگانێکى شەوەوە تا بەیانییەکى زوو لە نۆرەدا دەوەستن.

هیرش ساڵح کە شۆفێرێکى تاکسییە و لە نۆرەدا وەستاوە، بە 964ـى وت،”تێناگەم ئەو وەزعە بۆ وایە، بۆ بەنزینخانەکان بەنزینى پاڵپشتیکراو دابەش ناکەن و هەموو جارێک بۆ وەرگرتنى بەنزین نۆرەى دوورودرێژ دروست دەبێت”.

شۆفێران دوو داواکارى سەرەکیان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە ژمارەى ئەو بەنزینخانانەى زیاد بکرێت، هەروەها دابەشکردنى بەنزین 24 کاتژمێرى بێت بۆ ئەوەى سەرەگرتنى دوورو درێژ دروست نەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح