زیانێکی زۆر و هۆکارەکەی نەزاندراوە

دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر ئاگرە گەورەکەی تانجەڕۆ بەبێ گیان لەدەستدان کۆنترۆڵکرا

ژووری هەواڵ

ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی بریندار بوون، زیانێکی مادی زۆریشی بە جێهێشت و تاوەکو ئێساتش هۆکارەکەی نەزاندراوە.

رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نزیکی کاتژمێر 12:00 ی شەوی رابردوو لە ناوچەی ناوگردانی نزیک تانجەڕۆ روویدا و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی سێ ملیۆن لیتر بەنزین و سێ تانکەری گازی تێدابووە.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە 964ی وت، ئاگرەکەی ئەمشەوی تانجەڕۆ کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنیە و بەنزینی تێدابووە چواردەوریشی کارگەی قیرە.

وتیشی “ئەم شوێنە کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنیە و بەنزینی تێدا بووە، نازانین چەند خەزانی تێدابووە، چونکە ئەوانەی لەوێن بریندان و لە نەخۆشخانەن، چواردەوری شوێنەکەش کارگەی قیر هەیە و ئەوەش هۆکاری گەورەبوونی ئاگرەکەیە.

لایخۆشییەوە، سامان نادر، بەرپرسی فریاکەوتنی سەنتەری خێرای سلێمانیش ئەوەی بۆ 964 ئاشکراکرد، کە ژمارەیەکی زۆر بریندار هەیە و نزیکەی 13 تیم بەشدارن لە چارەسەرکردنی بریندارەکان.

هاوکات ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت؛ 14 تیم لە شوێنی رووداوەکەن بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە و چەند کارمەنێکی تیمەکانی تانجەڕۆ برینداربوون.

بەپێی ئەو دیمەنانەی کە پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەکە گواستییەوە، چەندین تەقینەوە لەناو بڵێسەی ئاگری کۆگاکە روویاندا و بەهۆیەوە ئاگر کڵپەی دەسەند.