"کرمێکی لیق"ـە و وەزیر لیژنەی بۆ پێکهێناوە

دار هەنجیرەکانی تەلەعفەر تووشی نەخۆشییەکی ترسناک بوونەتەوە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی نەینەوا، لەسەر راسپاردەی وەزیری کشتوکاڵ، هەڵمەتێکی بێبەرامبەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە مێروویەکی زیانبەخش لە باخەکانی قەزای تەلەعفەر راگەیاند، کە زیانی زۆری بە درەختەکانی هەنجیر گەیاندووە.

دوای ئەوەی خاوەن باخەکانی تەلەعفەر داوای هاوکارییان کرد، عەبدولڕەحیم شمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق، فەرمانیدا بە جێبەجێکردنی هەڵمەتێکی خێرا، تیمەکانی بەشی پاراستنی رووەک لە کشتوکاڵی نەینەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی کشتوکاڵی تەلەعفەری دووەم، دەستیان کرد بە قڕکردنی ئەو نەخۆشییەی کە کرمێک دروستکردووە.

کرمەکە، بە مێرووی توێکڵی مۆم (الحشرة القشرية الشمعية) ناسراوە جۆرێکی لیقەو بە قەد و گەڵاکانی ئەو دارەوە دەنووێت و بە ئاسانی لێی نابێتەوە.

هەڵمەتە دوێنێ هەینی دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت. ئامانجی سەرەکی بریتییە لە کەمکردنەوەی ئاستی تووشبوونی درەختەکان بەو مێرووە و پاراستنی بەرهەمی هەنجیر لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت و رێپێدراو لەژێر سەرپەرشتیی شارەزایانی کشتوکاڵی.

کشتوکاڵی نەینەوا دەڵێت، تەواوی ئەم هەڵمەتە بە بێبەرامبەر بۆ جوتیاران ئەنجام دەدرێت، جگە لە دەرمان رێژکردن، تیمەکان رێنمایی و ئامۆژگاریی زانستیش پێشکەشی خاوەن باخەکان دەکەن تاوەکو لە داهاتوودا بتوانن رێگری لە سەرهەڵدانەوەی ئەو جۆرە ئافاتە کشتوکاڵییانە بگرن.