لە راپەڕین ژنێک هەشت کیلۆ زیوی دزی، دەستگیر کرا - وێنە؛ پۆلیسی سلێمانی
پێنج کیلۆی لێسەنرایەوە
لە ئیدارەی راپەڕین ژنێک هەشت کیلۆ زیوی دزی؛ دەستگیر کرا
شۆڕش قادری
لە ئیدارەی راپەڕین ژنێک هەشت کیلۆ زیوی دزی، دەستگیر کرا و پێنج کیلۆی لێ سەندرایەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین، سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کە بڕی هەشت قاڵب زیوی (کە دەکاتە هەشت کیلۆ) لێ دزراوە، بڕیاری دادوەری بۆ وەرگیراوە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچون، زانیاری پێویست کۆکراوەتەوە.
دوای یەک کاتژمێر لە تۆمارکردنی سکاڵاکە، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین توانیویانە، تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، لەکاتی گەڕان و پشکنیندا دەستگیراوە بەسەر بڕی پێنج قاڵب لەو زیوەی کە تۆمەتبار دزیبووی.
تۆمەتبار بەناوی (ن، ح، ح لەدایکبووی 1999 )، لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.