"لە ناو سندوقی خواردندا خۆم حەشاردا"
دۆناڵد ترەمپ وردەکاری “هەڵاتنە” نهێنییەکەی لە تورکیا ئاشکرا دەکات
فەرهاد حەسەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، کاتێک مانگی رابردوو سەردانی تورکیا کردووە، بە نهێنی لە فڕۆکەی سەرۆکایەتی (Air Force One) دابەزیوە و فڕۆکەکەی جێهێشتووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەزگای نهێنی (Secret Service) و سوپا داوایان لێکردووە فڕۆکەکەی بگۆڕێت بەهۆی هەبوونی هەڕەشەیەکی ئەمنی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو هەڕەشەیە نەیترساندووە.
ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس (AP) بڵاویکردووەتەوە، وەکو پلانێکی سینەمایی و هەڵخەڵەتێنەر، ترەمپ باس لەو شێوازە نامۆیەی گۆڕینی فڕۆکەکەی کرد و ئاشکرای کرد کە لە ناو “سندوقی گواستنەوەی خواردنی فڕۆکەخانە”دا خۆی حەشارداوە بۆ ئەوەی بە دزییەوە بچێتە ناو فڕۆکەیەکی دیکە، ئەمە لە کاتێکدا بووە کە فڕۆکە سەرۆکایەتیەکەی وەک “تەڵە و چەواشەکاری” رەوانەی ئاسمان کراوە بۆ ئەوەی وا نیشان بدرێت سەرۆک لە ناویدایە.
ترەمپ وتویەتی “دەیانویست من بە گەشتێکی دیکە و فڕۆکەیەکی دیکە بڕۆم، چونکە هەڕەشەیەک هەبوو، من زۆر پرسیارم دەربارەی نەکرد، چونکە بەردەوام هەڕەشەم لێدەکرێت.”
ئەم قسەیەی ترەمپ پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بوو کە تێیدا هاتبوو “دوای بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆ لە مانگی رابردوو، ترەمپ بەهۆی “هەڕەشەیەکی جدی لەلایەن ئێرانەوە” گواستراوەتەوە بۆ فڕۆکەیەکی دیکە، بەڵام ئەم بابەتە بۆ چەند هەفتەیەک بە نهێنی مایەوە، تا ئەوکاتەی ڕۆژنامەکە ئاشکرای کرد.
ترەمپ وتی “پێموایە ئەو فڕۆکەیەی من گەشتم پێیکرد، مەترسی زیاتری لەسەر بوو، بەڵام من لە هیچ شتێک ناترسم هەڵوێستی من دەزانن؟ هەرچییەک دەبێت با ببێت!”
ئەوەی ترەمپ باسی دەکات بە گەشتێکی بێ پێشینە لە مێژووی سەرۆکایەتیدا دادەندرێت، ئەگەرچی پێشتریش سەرۆکەکانی ئەمریکا گەشتی نهێنییان ئەنجامداوە، بەڵام ئەم شێوازەی ترەمپ بە “بێ پێشینە” دادەنرێت.
گاریت گراف، نووسەر و شارەزای مێژووی نهێنییەکانی حکومەتی ئەمریکا دەڵێت “پێشتر بینیومانە سەرۆک بە فڕۆکەی بێ نیشانە بچێتە ناوچەکانی جەنگ لەوانەش عێراق و ئەفغانستان، بەڵام ئەوەی کە شوێنی سەرۆک بۆ چەندین هەفتە بە تهواوی شاراوە بێت و درۆی لەبارەوە بکرێت، شتێکی نوێیە.”
باس لەوەدەکرێت کە جۆ بایدن لە ساڵی 2023 بە نهێنی و بە شەمەندەفەرێکی 10 کاتژمێری لە پۆڵەنداوە چوو بۆ کیێڤ بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019 گەشتێکی نهێنی بۆ ئەفغانستان ئەنجامداوە، لە کاتێکدا فڕۆکەیەکی وەکو تەڵە و هەڵخەڵەتاندن لەگەڵ تیمێکی میدیایی لە فلۆریدا هێشتەوە تا وا نیشان بدەن کە سەرۆک لەوێ پشووی جەژن بەسەر دەبات.
بێڵ کلینتۆن، لەساڵی 2000 بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان چووە پاکستان، بەڵام لە هندستان وا نیشانی دا کە دەچێتە ناو فڕۆکە ئەسڵییەکە، بەڵام لە پشتی فڕۆکەکەوە سواری جێتێکی تر بوو.
جۆرج دەبلیو بوشیش لەساڵی 2003 یەکەم گەشتی بۆ عێراق ئەنجامدا، بەڵام تا ئەوکاتەی بەرەو ئەمریکا نەگەڕایەوە، هەواڵەکە بڵاونەکرایەوە.
گراف دەڵێت، شاردنەوەی شوێنی سەرۆک و دوورخستنەوەی رۆژنامەنووسە سەربەخۆکان لێی، مەترسییە بۆ سەر دیموکراسی “ئەمە ساتێکی زۆر مەترسیدارە بۆ جیهان، چونکە بۆ ماوەیەک کەس نەیدەتوانی لە بارودۆخی سەرۆکی ئەمریکا دڵنیاببێتەوە، یان ئەوەی کێ وڵات بەڕێوە دەبات.”