ئەمڕۆ یەکێکیان رەوانەى ماڵەوە کرایەوە
سێ لە بریندارانى ئاگرەکەى شەوى رابردووى پڕۆژەى لالاڤ ئێرپۆرتى لە ژێر چاودێرى چڕن
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
سێ لە بریندارانى ئاگرەکەى شەوى رابردووى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوونى هەولێر لە نەخۆشخانە ماون و بەهۆى زۆرى رێژەى سووتانەکانیان، لە ژوورى چاودێرى چڕن.
شەوى رابردوو، ئاگر لە یەکێک لە شوقەکانی پڕۆژەی لالاڤ ئێرپۆرتی بەرامبەر فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتەوە و حەوت کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران.
بەوتەى شاخەوان سەعیدن وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر کە شەوى رابردوو بۆ 964 قسەى کرد، حەوت کەس بەهۆى سووتان و تەنگەنەفەسییەوە رەوانەى نەخۆشخانە کراون، بەڵام هەر شەوى رابردوو سێ کەسیان رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پەیامنێرى 964 چووەتە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى رۆژئاواى هەولێر بۆ سۆراغى بریندارەکان و بەپێى ئەو زانیاریانەى پێى دراون، یەکێکى تر لە بریندارەکان رەوانەى ماڵەوە کراوەتەوە، بەڵام سێ بریندارى دیکە بەهۆى زۆرى رێژەى سووتانەکانیان، لەژێر چاودێرى چڕدان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح