عەربەت
لێکۆڵینەوە لە کەوتنی لقی داربەڕوویەکی 400 ساڵەی شارەزوور دەکرێت
964+
وریا فەتاح
گوندى داربەڕوو لەخۆیەوە ئەو ناوەى لێ نەنراوە، خاوەنى سەدان دارى بەتەمەن، هەربۆیە پۆلیسى دارستان لەسەر شکانى لقى داربەڕوویەکى 400 ساڵى هاتووەتە سەرخەت و لێکۆڵینەوە دەدات.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت لەسەر رووداوێکی شکان و زیانگەیاندن بە دارە بەڕوویەکی بەتەمەن لە گوندی (داربەڕوو)، رێکاری یاسایی دەستبەجێ بۆ پاراستنی ئەم سەروەتە سروشتییە و دیاریکردنی هۆکاری رووداوەکە گیرایە بەر.
دارە بەڕووەکە بە یەکێک لە دارە کەلەپووری و بەتەمەنەکانی ناوچەکە دادەنرێت کە تەمەنی بۆ نزیکەی 400 ساڵ دەگەڕێتەوە و هەروەکو هێمایەکی سروشتی لە سەیدسادق و شارەزوور سەیر دەکرێت.
لەسەر ئەم رووداوە، دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوور ئاگادار کراوەتەوە و بڕیاری داوە بە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە. هەروەها دەستبەسەرداگرتنی لقی دارە بەڕووە لەتکراوەکە و پاراستنی لە شوێنی رووداوەکە.
لە ئێستادا تیمەکانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لە بەدواداچوونی مەیدانی و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا شکانەکە بەهۆی هۆکاری سروشتییەوە بووە (وەک با و کۆنیی تەمەنی دارەکە) یان دەستکاری و دەستتێوەردانی مرۆیی لەپشتەوە بووە.