سلێمانى
دانیشتوانى گەڕەکى کانى حەمە دژى هەوڵى رووخاندنى خانووەکانیان گردبوونەوە
رازاو محەمەد- سلێمانى
پورە ناهیدە محەمەد ساڵح، کە ژنێکى بەورە و قسەزانى گەڕەکى کانى حەمەیە لە شارى سلێمانى، بە سێلکەیەکى لەدەست گرتووە و دژى رووخاندنى خانووەکانیان گردبووەتەوە و دەڵێت: هەر بێنە پێشەوە دەیوەشێنم.
گەڕەکى کانى حەمە، گەڕەکێکى زێدەڕۆیە لە شارى سلێمانى، بەڵام زیاتر لە 20 ساڵە خەڵک خانووى لەسەر دروستکردووە و تێیدا دەژین، بەڵام ئێستا تووشى گرفتێک بوون و وەکخۆیان دەڵێن: دەیانەوێت گەڕەکەکەمان بکەنە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون و خانووەکانمان بڕوخێنن.
پورە ناهیدە کە وەک ژنێکى ئازا شەڕواڵێکى لەپێیە، بە سێلکەیەکەوە وەستاوە و دەڵێت: ئەگەر خوێنم بڕێژن ئینجا خانووەکە بڕوخێنن.
ناهیدە باس لەوە دەکات، ئەو خانوانەیان بە خوێنى خۆیان دروستکردووە، بۆیە لە ژێر هیچ پاساوێکدا رێگە نادەن بیڕوخێنن.
گەڕەکەکە نزیکەى 600 خانوو لەخۆى دەگرێت و هێزێکى ئەمنى بۆ ئاگادارکردنەوەى هاوڵاتییەکان چووەتە ئەوێ کە دەبێت چۆڵى بکەن، بەڵام ژن و پیاو، گەورە وگچکەى گەڕەکە گردبوونەتەوە و رێگە نادەن دەست بۆ ماڵەکانیان ببرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح