نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سوریا
ئاژانسی سانا وای نوسیووە
نێچیرڤان بارزانی و شەرع: پەرەپێدان و هەماهەنگی نێوانیان باسدەکەن
ئەحمەد مستەفا
راگەیەندراوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ سەرۆکی کاتی سوریا، ئەحمەد شەرع لە “کۆشکی گەل” کۆدەبێتەوە.
ئەمە بەیەکەمین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سوریا دادەنرێت دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی گرتە دەست.
“سانا” ئاژانسی فەرمی سوریا ئەجێندای دیدارەکە باس کردووە و دەڵێ، بڕیارە هەردوولا گفتوگۆ بکەن دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ژمارەیەک لەو بابەتانەی جێی بایەخی هاوبەشن، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی پەرەپێدان و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا.
وەک ئەو پێگە فەڕمییە روونی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی پەیوەندی بەردەوامی نێوان هەردوولا سەردانەکە ئەنجام دەدرێ، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
تائێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی دیدارەکە هیچ بڵاوکراوەیەکی نەبووە. جگە لەوەی میدیا ناوخۆییەکان باس لە سەردانەکە دەکەن و بە بڵاوکراوە و هەواڵەکانیان گرنگی پێ دەدەن.