دیمەنی هێرش و ناردنی درۆن _ وێنە: ئەرشیفی 964
بەرەبەیان
لە ئاسمانی سلێمانی دەنگی تێکشکاندنی درۆن بیستراوە
ئەحمەد مستەفا
درەنگانی شەوی رابردوو لەگەڵ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2.8.2026، بە لایەنی کەمەوە خەڵک لە ئاسمانی سلێمانی گوێیان لە سێ دەنگی تەقینەوە بووە.
قسەوباس وایە درۆن لە ئاسمانی شارەکە تەقێندراوەتەوە، سۆراغی 964 دەریخست لەگەڵ تۆمارکردنی دیمەن دانیشتووانی نزیک لە ناوچەی تاسڵوجە زیاتر هەستیان بە دەنگەکان کردووە.
دیمەنێک دەستاودەستی پێ دەکرێ، کە گوایە لە ئاسمانی ناحیەی پیرەمەگروونەوە “رۆژئاوای سلێمانی” درۆنێک هاتووەتە سەر ئاسمانی هێزەکانی یەکەی 70ی پێشمەرگە، کە بڕیارە بکرێ بە بارەگای دەڤەری دوو لەوێ بە سیستمی سیرام تەقێندراوەتەوە.
لەوێ کە درۆنەکە تێکشێنراوە کاتی کەوتنە خوارەوەی ئاگرێکی گەورەی لە دەشتاییەکانی نزیک بارەگای یەکەی 70ی پێشمەرگە هەڵگیرساندووە، وا چاوەڕوان دەکرێ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاماری هێرشەکان روونکردنەوەی هەبێ.
تەنیا لە 31 رۆژدا و لە 1.7.2026 – 31.7.2026، لە هەرێمی کوردستان بە 88 درۆن و موشەک هێرشیکراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 ی دیکە برینداربوون.