پاریش گیانی سێ کەسی ستاند
زیانی پاڵاوگەکەی کۆچەر نزیکەی 200 هەزار دۆلار بوو
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سەر رێگای هەولێر شەمامک کەوتەوە و زیانی ماددیی گەیاند و لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.
ئاگری پاڵاوگەکە زیاتر لە 100 تانکی پلاستیکی تەنەری سووتاندووە و دواتر پیاوانی ئاگر کوژێنەوە بە نۆ تیم فریا کەتوون و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
بەژدار عادل سەرپەرشتیاری كۆمپانیای ممتاز لە پاڵاوگەی كۆچەر بە 964ـی وت، هۆکاری ئاگرەکە نازانن جارێ بەڵام هەموو ئەگەرێکیان بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەڕوات و مەوادەکانی ئەوانیش حەساسن و بەگەرما گڕ دەگرن.
دەشڵێت، تا ئێستا ئەوەندەی کە خۆیان خەمڵاندوویانە زیانەکانیان لە نێوان 150 بۆ 200 هەزار دۆلارە.
ساڵی پاریش لە هەمان شوێن تانەکڕێکی سووتەمەنی شۆفێرەکەی کەوتە ناوی و بەدوایدا دوو کارمەندی بەرگری شارستانی رۆشتن و هەرسێکیان بەهۆی تەنگە نەفەسییەوە گیانیان لەدەستدا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی