"دادپەروەرى"
ئەمڕۆ 25ـی نۆڤەمبەرە؛ هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستپێدەکات
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ چوارشەممە (25.11.2026)، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، و هەر لەم رۆژەوە لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری جیهان هەڵمەتێکی 16 رۆژەی هۆشیاری و چالاکی بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و رێگریکردن لە توندوتیژی دەستپێدەکات.
ئەم هەڵمەتە لە 25ـی نۆڤەمبەرەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی دیسەمبەر، کە رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە، بەردەوام دەبێت، لە ماوەی هەڵمەتەکەدا رەنگی پرتەقاڵی وەک هێمایەک بۆ ئایندەیەکی گەش و دوور لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان بەکاردەهێنرێت.
بۆ ئەمساڵیش، پەیامی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم رۆژەدا جەختکردنەوەیە لەسەر دەستەبەرکردنی دادپەروەری، پاراستنی رزگاربووان و نەهێشتنی دیاردەی دەربازبوون لە سزا.
دیاریکردنی رێکەوتی 25ـی نۆڤەمبەر مێژوویەکی تایبەتی لە پشتەوەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1999ـەوە ئەم رۆژەی بە فەرمی ناساندووە، ئەویش وەک رێزلێنانێک بۆ سێ خوشکی چالاکوان بە ناوەکانی (پاتریا، مینێرڤا و ماریا تێرێزا میراباڵ)، کە لە 25ـی نۆڤەمبەری 1960 لە کۆماری دۆمینیکان لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانیان بە فەرمانی دەسەڵاتداری ئەوکات تیرۆر کران.