سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی كوردستان:

“لێدوانه‌كه‌ی گوته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كان جێی مه‌ترسی و نیگه‌رانییه‌”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان پێی وایه‌، لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌دژی هه‌رێمی كوردستان جێی مه‌ترسی و نیگه‌رانییه‌، داواش ده‌كات حكومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ریی ده‌ستووریی بۆ‌ كێشه ‌و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بدۆزێته‌وه‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25.11.2026 راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

“لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان جێی مه‌ترسی و نیگه‌رانییه، ده‌ستووری عێراق به‌ روونی شێواز و رێكاره‌كانی په‌یوه‌ندی و دابه‌شكردنی ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراقی ده‌ستنیشان كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كێشه ‌و گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسا و رێزگرتن له‌ گفتوگۆ و رێكه‌وتنه‌كان بێت، نه‌ک زمانی ز‌بر و هێز، كه‌ خزمه‌ت به‌ هیچ لایه‌نێک ناكات و ئارامی و سه‌قامگیری عێراقیش ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

 داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی ده‌كه‌ین به‌رده‌وام بن له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌ستووری بۆ‌ كێشه ‌و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان  و هه‌ر هه‌وڵ و رێكارێكی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌ستووری و یاساییدا، دادپه‌روه‌ریی به‌دی ناهێنێت و زه‌ره‌ر و زیانیش به‌ گشت عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.

دادوه‌ر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان