سویچ هەیە دروستکردنەوەی 4000 دۆلاری دەوێ

وەستایەکی بە ئەزمون باسی جیهانی کلیل لە کۆنەوە تا ئێستا دەکات

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئەگەر جاران بۆ هەر دەرگایەک کلیلێکمان بە قایشی کەمەرمان بەردەدایەوە، ئێستا بە تاکە کلیلێک سەدان دەرگا دەکرێتەوە و هەندێک جاریش هەر پێویست بە کلیل هەڵگرتن ناکات.

پەیامنێری 964 لە سلێمانی چووەتە لای کلیلسازێکی بەئەزموون بەناوی هێرش رەئوف کە سەرقاڵی دروستکردنی جۆزەی دەرگایەکە و دەڵێت، “وای لێ دەکەین 420 درەگا بە کلیلێک بکرێتەوە، کلیلەکە مەستەر کی پێ دەوترێ و زۆرتر بۆ کۆمپانیاکان و ئەو شوێنانەی حاڵەتی تەواری و فریاگوزارییان هەیە، بەکاردێت”.

وەستا هێرش 25 بۆ 26 ساڵە کلیلسازە و دەڵێت، بەپێی ئەزموونی خۆی کردنەوەی دەرگای قاسە زەحمەتە و کاتی زۆری دەوێ.

ئەو وەستایە باسی دروستکردنی سویچ و بەسمە بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکات و دەڵێت، سویچ هەیە، دروستکردنەوەی چوار هەزار دۆلاری تێدەچێ، پێشنیاریش بۆ ئەو کەسانە دەکات کە سویچی سەیارەکەیان دەکەن بە بەسمە و دەڵێت، وەک شەریکە دەرناچێ و زۆر پارێزراو نییە، بۆیە ئەو کارە نەکەن، باشترە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری