بەرگەى گەرما دەگرێت

“گوڵە جەهەنەمی” دیمەنێکی پەمەیی بە گەڕەکی رووناکیی هەولێر بەخشیوە

هێژا عەباس

لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە شاری هەولێر، گەڕەکی رووناکی بە رەنگێکی پەمەیی کەشەکەى فێنک کردووە زۆربەى ماڵەکان بە گوڵە جەهەنەمى، بەردەرگا و حەوشە و حەساریان جوان کردووە.

زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکی ڕووناکی، لە حەوشە و بەردەرگای ماڵەکانیاندا ئەم جۆرە گوڵەیان ڕواندووە. تێکەڵبوونی رەنگە پەمەییەکەی گوڵەکە لەگەڵ گەڵا سەوزە تۆخەکانی، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە کۆڵان و خانووەکانی گەڕەکەکە بەخشیوە.

ناوە زانستییەکەی ئەم رووەکە “بۆگێنڤیلیا”یە، خەسڵەتێکی ناوازەی هەیە کە پێچەوانەی زۆرێک لە گوڵەکانی تر، لە وەرزی گەرمادا زیاتر دەگەشێتەوە. کەشوهەوای شاری هەولێر زۆر گونجاوە بۆ گەشەکردنی، چونکە رووەکێکی خۆرەویستە و حەز بە گەرمای توند دەکات، بۆ ئەوەی بە باشیش گەشە بکات رۆژانە پێویستی بە لایەنی کەم شەش کاتژمێر تیشکی خۆر هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە و بەرگەگرتنی بۆ گەرمای توند، لە کوردستان نازناوی “گوڵە جەهەنەم”ی پێدراوە.

ئەم ڕووەکە جوانە تەنیا لە یەک رەنگ و جۆر پێکنەهاتووە، بەڵکو زیاتر لە 18 جۆری جیاوازی هەیە، بەڵام باوترین و سەرەکیترین رەنگەکانی کە زۆرترین جار دەبینرێن بریتین لە پەمەیی، مۆر و سپی. ئەمڕۆش رەنگە پەمەییەکەی بووەتە ناسنامەیەکی جوانی بۆ گەڕەکی رووناکی لە پایتەخت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح