فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا:

“هەر وڵاتێک هاوکاری ئەمریکا بکات لە ئاگری جەنگدا دەسووتێ”

شۆڕش قادری

فەرماندەی قەرارگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا سەربە سوپای پاسداران دەڵێت، هەر وڵاتێک هاوکاری ئەمریکا بکات، لە ئاگری جەنگدا دەسووتێ.

میدیای ئێران لەزاری عەلی عەبدوڵاهی فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا بڵاویکردووەتەوە، “لە شەڕەکەی ئەم دواییەدا ئەمریکا سەلماندی کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی، هەموو توندوتیژییەک بەکاردێنێ و دەست لە هیچ ناپارێزێ”.

“دەبێ وڵاتانی مسوڵمان تاوانەکانی ئەمریکایان لەبەرچاو بێ و پێداچوونەوە بە هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بکەن، هەر وڵات و لایەنێک خۆی بکاتە قەڵغانی بەرگری ئەمریکا، لە ئاگری جەنگدا دەسووتێ”، عەبدوڵاهی وای وتووە.

ئەم هەڕەشانەی فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دەستپێکردنی هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران دەرکردووە و واشنتن و تەلئەبیب هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.