لە چل مەترى
قەیرانى بەنزین کرێى نەفەرى کرد بە 1000 دینار
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لە هەولێر قەیرانى گرانبوونى بەنزین، کرێى سەرنشین (نەفەرى) پاسەکانیشى لە 500 دینار و 750 دینارەوە، کردووە بە 1000 دینار.
هەرچەندە هێڵى پاسى زۆربەى گەڕەکەکان هەر لە 750 دینار وەستاوە، بەڵام هێڵى 40 مەترى شارى هەولێر، کرێى سەرنشینى پاسەکان بۆ 1000 دینار بەرز بووەتەوە.
ئەیاد عیماد، شۆفێرى پاسى توڕەق ناوبازاڕە، بە 964ـى وت”لە سەندیکا پێیان وتوین دەتوانن کرێى سەرنشین بەرز بکەنەوە بۆ 100 دینار، بەڵام تا ئێستا نەمان کردووە، هەرچەندە بەو نرخەى ئێستا زەرەرمانە، چونکە بۆ هەر سەرێک باى 11 هەزار بەنزین خەرج دەکەین، بەڵام رەنگە شەش حەوت هەزارمان دەستکەوێت”.
شەماڵ نەجمەدین، شۆفێرێکى دیکەى پاسە، بە 964ـى وت،”هێڵى 40 مەترى کرێى نەفەریان کردووە بە 1000 دینار، بەئێمەشیان وت کە بەرزى بکەینەوە، بەڵام لەبەر خەڵکى نەدار و هەژار هەر کردوومانە بە 750 دینار”.
پەیامنێرى 964 بەدواداچوونى وردى بۆ بابەتەکە کردووە، لەناو هێڵەکانى شارى هەولێر، تەنیا هێڵى 40 مەترى کردویەتى بە هەزار دینار، سەرجەم هێڵەکانى تر هەر لە 750 دینار ماونەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح