فەرمانبەر و پارێزەرن

دەستەی دەستپاکی عێراق: 13 گەندەڵکارى “ساختەکردن” لە دیوانییە دەستگیرکراون

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاوىکردەوە، تیمەکانیان لە پارێزگای دیوانیە توانیویانە تۆڕێکی مەترسیداری ساختەکاری و فێڵکردن دەستگیر بکەن، کە لە 13 فەرمانبەر و پارێزەر پێکهاتبوون،  کاریان دەستبەسەرداگرتنی زەوی و وەرگرتنی قەرزی نایاسایی بووە لە چەندین پارێزگای جیاواز.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە پارێزگاى دیوانییە ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و توانیان 13 تۆمەتبار دەستگیر بکەن، ئەم گروپە 243 مامەڵەی وەرگرتنی قەرزیان لە رێگەی پشتگیری و بارمتەی ساختەوە لە 12 بانکی حکومی لە چەند پارێزگایەک ئەنجامداوە.

دەشڵێت، هەر ئەم گروپە 13 پارچە زەوییان بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ کەسانێک وەرگرتووە، مافی وەرگرتنیان نەبووە و خەڵکی پارێزگاکە نەبوون، ئەوەش لە رێگەی ساختەکردنی پشتگیری نیشتەجێبوون و وێنەی تۆمارەکان کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەر زیاتر لە هەزار نووسراو و بەڵگەنامەی ساختەدا گرتووە، کە پێکهاتبوون لە زیاتر لە 600 پشتگیری نیشتەجێبوون و وێنەی تۆماری ساختە، ناسنامەی باری شارستانی ساختە بۆ کەسانی زیندوو و کۆچکردوو، نووسراوی ساختەی ئاراستەکراو بۆ دەزگای شەهیدان، دەستەی خانەنشینی، لیژنەی ماددەی 140 و چاودێری کۆمەڵایەتی و ساختەکردنی بارکۆدی ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ وڵاتانی دەرەوە لەلایەن فەرمانبەری پسپۆڕەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کۆی گشتی ئەو قەرز و زەویانەی لە رێگەی ئەم ساختەکارییەوە کاریان بۆ کردبوو، بەهاکەیان دەگاتە زیاتر لە چوار ملیار دیناری عێراقی.

دەستپاکی دەڵێت، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانیە، ئەو 13 خانوو و زەوییە دەستبەسەرداگرتنیان لەسەرە، رێکارەکانی مامەڵەکردن پێیانەوە راگیراوە، هەروەها هەموو تۆمەتبارەکان دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون.

ماوەى چەند هەفتەیەکە حکومەتى عێراق دەستیکردووە بە هەڵمەتى دەستگیرکردنى گەندەڵکاران و ئەو کەسانەى گومانى گەندەڵیان لێدەکرێت، تاوەکو ئێستاش چەندین ملیار دینار و دۆلار گەڕێندراونەتەوە بۆ دەوڵەت.