وزە بابەتی سەرەکی دەبێت
ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران عێراق دەچێتە ئێران
فەرهاد حەسەن
بڕیارە، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تاران بکات و وەکو باسیان کردووە دۆسیەی وزە لەسەرووی ئەو بابەتانەوە دەبێت کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا تاوتوێیان دەکات.
پێشتر حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، وتبووی لە سەردانەکەدا چەندین دۆسیەی دووقۆڵی و هەرێمی تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەتی هاوکاری لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵدا، لەگەڵ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە.
بە وتەی عەبودی، عێراق بەهۆی هەڵوێستە ستراتیژییەکانی و بەشدارینەکردنی لە ململانێکاندا، بووەتە جێی بایەخی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندێکی حکومی لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی وزە، بەتایبەتی بەردەوامییدان بە ڕاکێشانی غازی هاوردەکراوی ئێرانی بۆ عێراق.