دهۆک

لەماوەیەکى کەمدا؛ دوو تۆمەتبارى دزینى ئۆتۆمبێل دەستگیرکران

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە هەستابوون بە دزینی ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕی شارەکە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی دهۆک، دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە لە رووداوێکی دزینی ئۆتۆمبێل لە ناو بازاڕی دهۆک، دەستبەجێ پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە بەشی نەهێشتنی تاوان کرایەوە. دواتر ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیسی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانەکانی ساختەکاری و دزینی ئۆتۆمبێل، بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی چاودێریی کامێراکان و نووسینگەی دهۆک، دەستیان بە بەدواداچوونی ورد کرد.

پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەو بەدواداچوونە وردە و داڕشتنی پلانێکی سەرکەوتوو، تیمەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرا بکەن و لە سەنتەری پارێزگاکە هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن، هاوکات دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەدا گیراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش لێکۆڵینەوەکان، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. لە ئێستاشدا بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادان بڕیاری راگرتنیان بۆ دەرچووە و بە مەبەستی تەواوکردنی قۆناغەکانی دیکەی لێکۆڵینەوە رەوانەی دادگا کراون.