وەزارەتی خوێندنی باڵا:

ئەمڕۆ ئەنجامە تاقیکردنەوەکانی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی رادەگەیەندرێت

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 6:00 ى ئێوارە ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی رادەگەیەندرێت

دوو هەزار و 915 خوازیار بەشداریان لە تاقیکردنەوەکان کردووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەت کە خۆی سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکانی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم خوازیارانە بەشداریان لە تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست  (Placement test)ى زمانی ئینگلیزی لە سێنتەرەکانی زمانی زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

تاقیکردنەوەکە بۆ دیاریکردنی ئاست لە 15 سێنتەری زمانی ئینگلیزی لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی بەڕێوەچووە و  دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش پڕۆسەی ناونوسین و پێشکەشکردن بۆ خولەکان ئەنجامدەدرێت.

بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامى تاقیکردنەوەى دیاریکردنی ئاستەکانى زمانى ئینگلیزى لە سێنتەرى زمانى زانکۆکانى کوردستان کلیک لەسەر ئەم بەستەرەى خوارەوە بکەن لە بەشى (result):

https://lc.digital.gov.krd/#/login

وەزارەت دەڵێت، ئامانج لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە، بریتییە لە دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی خوازیاران و دواتر بەشداریکردنیان لە خولی فێربونی زمانی ئینگلیزی لە سەنتەرەکانی زمانی ئینگلیزی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ وەرگرتنی نازناوی زانستی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان.