ئەمساڵیش تەواو نابێ

پڕۆژە ئاوەکەی گۆپتەپە – چەمچەماڵ نیوەی زیاتری کارەکانی ماوە

شۆڕش قادری

هێشتا پڕۆژە ئاوەکەی گۆپتەپە – چەمچەماڵ نیوەی زیاتری کارەکانی نەکراوە و خەڵکی ئەو دەڤەرە دەبێ یەک ساڵی رەبەقی دیکە چاوەڕێ بن بۆ ئەوەی تێرئاو ببن.

فەرمانگەی میدیای و زانیاری هەرێم تازەترین وێنەکانی پڕۆژەکەی بڵاوکردووتەوە و نووسیویەتی، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە و نزیکەی 40%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە.

لەڕێی ئەو پڕۆژەوە، ئاوی پاک دەگەیەنرێتە چەمچەماڵ و شارەدێ و گوندەکانی دەورووبەری کە تێچووەکەی 139 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

وەک فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم باسی کردووە، قەرارە لە مانگی 6ـی ساڵی داهاتوو پڕۆژەکە تەواو ببێ و ئینجا ئاو دەگاتە ماڵان.

کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە 12.8.2024ـەوە دەستیپێکردووە و ئەوا بۆ دوو ساڵ دەچێ کە خەڵکی ئەو ناوچەیە چاوەڕێن بە تەواوبوونی، لە کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە رزگاریان ببێت.