بۆسەیەکی مەحکەمیان بۆ دانابوون
لە کەرکوک دوو تۆمەتبار بە 8.5 تۆن کەرەستەی پزیشکی “نایاسایی” دەستگیرکران
فەرهاد حەسەن
بۆسەیەکی توندوتۆڵی دەستەی دەسپاکی دوو تۆمەتبار دەستگیر دەکات کە هەوڵیان داوە 8.5 تۆن کەرەستەی پزیشکی بە پێچەوانەی یاسا تێپەڕێنن.
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی توانی هەوڵێکی تێپەڕاندنی بارێکی کەرەستەی پزیشکی هاوردەکراو کە بە پێچەوانەی یاسا بوو پووچەڵ بکاتەوە، دوو تۆمەتبار و بارەکەشیان لە یەکێک لە گومرگەکانی سەر رێگای نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێر دەستگیرکرد.
دەستەکە لە کاتی باسکردنی وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بەپێی فەرمانی دادوەر ئەنجامیدابوو، دەڵێت “تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی کەرکوک بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری پۆلیسی گومرگ، چوونە گومرگی “دارەمان” کە دەکەوێتە سەر رێگای نێوان کەرکوک و هەولێر، ئەمەش دوای گەیشتنی زانیاری لەسەر هەبوونی ساختەکاری و دەستکاریکردن لە زانیارییەکانی ئەو کاڵا هاوردەکراوانەی کە وەک بەرهەمی ناوخۆیی تۆمارکراون، بە مەبەستی خۆدزینەوە لە دانی رەسمی گومرگی”.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە کارەکانی بەدواداچوون و وردبینی بوونە هۆی دەستگیرکردنی شۆفێری بارهەڵگرەکە و فەرمانبەرێکی گومرگ، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی جۆری (مێرسیدس ئەکتڕۆس) کە 8.5 تۆن کەرەستەی پزیشکی هاوردەکراوی بارکردبوو.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆنووسێکی فەرمیی دەستبەسەرداگرتن بۆ ئۆپەراسیۆنەکە رێکخراوە و بەپێی حوکمەکانی ماددەی 340 لە یاسای سزادان، و تۆمەتباران لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکانیان رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی تۆمەتباران.