نەخۆشێکیان لە مردن رزگار کرد

لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر نەشتەرگەرییەک 7 کاتژمێری خایاند

شۆڕش قادری

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆڵۆنی هاوڵاتییەک، نەشتەرگەرییەکی قورس و ئاڵۆز بە حەوت کاتژمێر لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر بەشی فێرکاری ئەنجام درا.

راگەیاندنی نەخۆشخانەی رزگاری ساتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، تیمێکی پزیشکی بەشی فێرکاری نەخۆشخانەکە توانیویانە بە نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز و درێژخایەن کە لە کاتژمێر ( 9:00ـی  شەوەوە دەستیپێکردووە و تا  کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیان بەردەوام بووە)، ژیانی چارەخوازێک رزگار بکەن.

چارەخوازەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ نیشانەکانی ریخۆڵەگیرانی هەبووە، دوای ئەنجامدانی پشکنین و تیشکی CT Scan ، دەرکەوتووە کە کۆڵۆن لە دوو شوێنی جیاواز سوڕاوەتەوە (Volvulus)، کە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە، هەروەها سکی چارەخوازەکە زۆر ئەستوور بووە، رشانەوەی هەبووە و بەهۆی قورسایی دۆخەکەوە ئەنجامی پشکنینی خوێیەکانی لەش نائاسایی بووە و کارکردنی گورچیلەکانیش کاریگەری لێ کەوتووەتەوە.

لەبەر مەترسی دۆخەکە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە ئەنجام دراوە و بە سەرکەوتوویی بەشە زیان‌ دیتووەکەی کۆڵۆن لابراوە، لە ئێستادا چارەخوازەکە لە ژێر چاودێری چڕدایە و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەڕوات.

ئەو تیمەی نەشتەرگەرییەکەیان کردووە، ئەم دکتۆرانەی خوارەوە بوون:

-د. دارا زیاد – پسپۆری نەشتەرگەری گشتی

– د. دلێر عەبدولڕەحمان – پسپۆری سڕکردن

– د. ساڤان لوقمان – پزیشکی دێرینی نەشتەرگەری

– د. فەیسەڵ مازن – پزیشکی دێرینی نەشتەرگەری

– شێرزاد قادر – یاریدەدەری پزیشک

-پەروانە عەمران – یاریدەدەری پزیشک

– ئاڵا جەنگی – یاریدەدەری سڕکردن

– گەزەنگ عەبدولڕەحمان – یاریدەدەری سڕکردن