وەبەرهێنان: ناتوانین بە مەرج پێیان دروستبکەین
داوا دەکرێت شوێنی تایبەت بە نوێژکردن لە بازاڕەکانی سلێمانی زیاد بکرێت “پاکوخاوێنیش بن”
سلێمانی – رازاو ئەمین
کە کاتی بانگدان دێت، جگە لە مزگەوتەکان ئەو شوێنانەی لەناو بازاڕەکاندا بۆ نوێژکردن دروستکراون قەڵەباڵغی روویان تێدەکات، زۆربەی پیاوان روو لە مزگەوتەکان دەکەن و ژنانیش دەچنە ئەو شوێنە تایبەتانە، هەرچەندە وەبەرهێنانی شار دەڵێت، مەرج لەسەر شوێنە بازرگانییەکان داناندرێت بۆ دروستکردنی شوێنی نوێژکردن، بەلام ئەوانەی دەچنە ئەو شوێنانەش گلەیی و رەخنەیان لە پیسکردنی ئەو شوێنانە هەیە.
باسی سلێمانی دەکەم، زەینەب رەحیم لە یەکێک لەو شوێنانە، دوای تەواوکردنی نوێژەکەی بە گرنگی زانی ئەم جۆرە شوێنانە زۆر هەبن بەتایبەتیش بۆ خانمان.
زەینەب بە 964 ی وت “دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆ نوێژکردن لە هەر بازاڕ و مۆڵێکدا گرنگە، پێویستیشە گرنگی تایبەت بە پاک و خاوێنی ئەو شوێنانەش بدرێت، چونکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسوودەیی بەکارهێنەرانەوە هەیە”.
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، بۆ 964 ی روونکردەوە، لە یاسا و رێنماییەکانی وەبەرهێنانی سلێمانیدا هیچ مەرجێک نییە کە بینا بازرگانییەکان ناچار بکات شوێنی تایبەت بۆ نوێژکردن دابین بکەن، بەڵام دەڵێت “دابینکردنی دەستشۆر، وەک خزمەتگوزارییەکی سەرەکی بۆ هەموو بیناکان مەرجە، هەرچەندە زۆربەی بینا بازرگانییەکانی سلێمانی بۆخۆیان شوێنی نوێژکردن و ئیسراحەت بۆ سەردانکەران دابین دەكەن”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن