لە شاری پاوە

ئێران دوو هاوسەرە هونەرمەندەکەی دەستگیرکردنەوە

فەرهاد حەسەن

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و ماڵپەری کۆڵبەرنیوز بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئێران لەشاری پاوە جارێکی دیکە دوو هاوسەرە هونەرمەندەکەیان دەستگیرکردووەتەوە  کە پێشتریش دەستگیری کردبوون.

هێزەکانی چوونەتە ناو ماڵی تایبەتی ئەم دوو هاوژینە لە شاری پاوە، سەرەتا پیاوەکەیان دەستبەسەرکردووە بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە، چەند کاتژمێرێک دوای ئەمەش جارێکی دیکە چوونەتەوە هەمان شوێن و خێزانەکەیان دەستبەسەر کردووە.

راشد ئیمامی، هونەرمەند و ئەندازیاری رووپێوی تەمەن 33 ساڵ، لەگەڵ شلێر مودیرزادەی هاوسەری، پێشتریش لە کاتی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی (ژینا)دا دەستبەسەرکرابوون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم دوو سەرچاوەیە، تاوەکو ئێستا بنەماڵە و کەسوکاری ئەم دوو هاوژینە بەدواداچوونیان کردووە نازانن براون بۆ چ شوێنێک و هیچ دەزگایەکی فەرمیش روونکردنەوەی لەم بارەیەوە نەداوە.